ساڵانی هه‌ورینی ده‌روێشیان به‌ وه‌رگێڕانی عه‌زیز گه‌ردی

به‌سه‌رهاتی ڕۆژانی خه‌و و هوشیاری

نمایشێک له‌ ڕۆمانه‌که‌وه‌

لە ژێر چەکمەی شەودا

– کوکومە…کوکومە…کوکومە…

دەواندەوری مۆرەی لێوی دیواری حەوشەی دەرەوەی حوسێنییە پڕە لە کوندەبۆ. سەربان پڕە لە کەندەبۆ. ھەموو شوێنێ کوندەبۆیە.

– بیبی دەنگی دەلەرزێ.

– دەمتان نەکەنەوە. دەمتان توند بگرن. زوو بن.

– چ بووە، بیبی؟

بیبی ئاماژە بۆ لێوی بان دەکا.

– پوورە کوکومە پێیء قودوومیان شوومە. ئەگەر ددانتان بژمێرن، ئێوە دەمرن.

خۆی، لەپی دەستی لە سەر دەمی خۆی دادەنێء دەیشارێتەوە.

دونیا بەرەو تاریکی دەچێ. خەڵکی گەڕەک دەمیان دەگرن لە ترسی کوکومەکان. لە تاریکیدا، جگە لە ئاوازی شوومی کوکومەکان ھیچ دەنگی دی نایێ.

– دەمت بگرە، شەریف، بڕۆ ژوورەوە.

نەنە بە دەست دەمی حوسێن دەگری. پووکی خوارەوەی حوسێن ددانێکی وەکوو دەنکە برنجی لێ ھاتووە.

– ژماردنی تاکە ددانی تۆ ئاسانە، بچکۆڵەی بەدبەخت.

حوسێن لە حانی مەمک مژیندا، ددانە تاکەکەی لە گۆی مەمەکی نەنە رادەکا. گۆی مەمکی نەنە بریندار بووە. شیری تێدا زاوە وەک بەردی لێھاتووە.

بیبی بە بابا دەڵێ، (مەمکی زەھرا شیری تێ زاوە. دەبێ تەگبیرێکی بکەین. یان دەبێ ببیبەینە لای دختۆر بۆ ئەوەی دەری بکا.)

– چ بکەم، بیبی؟

– خۆت بیمژە بەلکو دەر ببێ.

بابا مەمکی نەنە دەمژێ. تف دەکاتەوە ناو کاسەیەک.

– ئاوھا نابێ. دەبێ چەند گوجیلە سەگێک پەیدا بکەم.

گوجیلە سەگ لە سەر مەمکی نەنە دادەنێین. نەنە بێزی دەبێتەوە.

– وای… وای… گازی لێدەدا. سینەی بە چڕنۆک کون کردم.

عەمۆ ئولفەت سەری خۆی دەخورێنێ.

– گوجیلە سەگەکە بکەن بە قۆنداغە تا چڕنۆک لە مەکی زەھرا نەدا.

گوجیلە سەگەکە دەکەنە قۆنداغە. دوای چەند رۆژێ، نەنە، مەمکی نەرم دەبێتەوەء مەترسی لە سەر نامێنێ.

نیوەڕۆیە. نەنە دەڵێ، (بەخوا ئەمڕۆ یەک بارە جلم شووشتووە. بخەون، خەوی مەرگتان بێ! لێگەڕێن منیش چاوم گەرم بکەم.)

ھێشتا قسەکەی تەواو نەکردووە، پرخە پرخی لێ ھەڵدەستێ. دەستی سوورء پیرۆنەی لە ژێر چارشێو ھاتۆتە دەرێ. حوسێن مەمکی دەمژێ. جارو بار ئاوڕ دەداتەوەو کە ئێمە دەبینێ، پێدەکەنێء دووبارە پەلاماری مەمکی نەنە دەداتەوە.

گەرمایە. دونیا تۆزء غوبارە. لەتیف لە ھەیوان، مێرووی زەردء مێرووی رەشی تێک بەرداوە. مێرووی زەرد کافرن. مێرووی رەش موسلمانن. ئێمە قەت ئازاری مێرووی رەش نادەین.

نەسیی کەچەڵ لە کۆسپەی دەرگای حەوشە سەر ھەڵدەکێشێ. خێرا خێرا چنگ لە سەری خۆی دەدا.

– منداڵینە، ماسییەکی سوورم بۆ لە حەوزی حوسێنییە دەگرن؟

لەتیف دەڵێ، (چ ئیشت بە ماسییە؟)

نەسی کەچەڵ فرمێسکی لە چاوی بە ریقنەی قەتیس دەمێنێ.

– دەیانەوێ قیڕ لە سەری فەتی بکەنەوە. ئەگەر ماسییەکی سووری بۆ ببەم، ژانەکەی لە بیر دەکا.

بە لەتیف دەڵێم، (با بڕۆین. بۆ خاتری فەتێء سەری.)

– لەتیف خڵمی ھەڵدەکێشێتەوە.

– راوەستە با ئەم دوو بەدکارە تێک بەر بدەم.

بە نەسیی دەڵێم، (پارچە نانێکمان دەوێ بۆ خافڵاندنی قازەکان. زوو بە. دایەنی پەروێز خەوتووە. لەتیف، تۆیش بڕۆ کاسەیەکی سفر بێنە.)

لە بن دەرگاوە، لە سەر زگ دەخشێین بۆ حوسێنییە. حەوشە چۆلە. خۆری تۆزلێنیشتوو چۆتە ناو حەوزو خەریکە خۆی دەشوا. قاز لە سەر حەوز سەریان لە ژێر باڵ ناوەو خەوتوون.

نانەکە لە نەسیی وەردەگرم. بە کووڕە کووڕ بۆ لای قازەکان دەچم. تەماشای دەوروبەر دەکەم. ژووری پوورە کانی چۆلە.

قازەکان لەگەڵ بیستنی خشپەی پێمان، سەریان لە بن باڵ دەردێنن. بەر لەوەی بقیڕێنن، نانەکەیان بۆ رادەگرم. دێنە پێش. ملیان بۆ سەر زەوی درێژ دەکەن.

– ھیس س س!

بە راگرتنی نانەکە رایاندەکێشم بۆ پشت زەینەبییە. نانەکەیان فڕێ دەدەمە بەرء بە پەلە دەگەڕێمەوە. حەوز لە سەری دەڕژێتەوە. تەلاری گەورەی تەکیە، لە پشت شووشەی گەورەی ئورسی، دیارە.

لەتیف بە رەنگی بزڕکاو لە پێ بڵقە دێتە خوارێ. رەنگی وەک پەلکە پیاز سپی بووە.

– کاکە…کاکە…بمانعەلی…برای پوورە کانی لە ژوورەوە دانیشتووەء خەریکە رۆژنامە دەخوێنێتەوە.

– وەی لە دوڕ درۆت نێم! ئەوە کێ پێی گوتی بچیتە سەلال؟

– نا…نا… درۆ ناکەم. بە چاوی خۆم دیم.

– خەیاڵ بووە کردووتە. بێدەنگ بە!

ھەر رادەکەم بۆ سەلال. لە پشت شووشەی تۆزاوی سەیری ژووری کپء چۆڵ دەکەم. رادەچڵەکێم. پیاوێک لە تاریکء روونی ژوورەوە، لە پشت پەنجەرە دانیشتووە. چاوی بڕیوەتە رۆژنامەیەک. لە ناکاو ھەست بە ئێمە دەکا. ئاوڕ دەداتەوە.

– ئۆی! کاک مورتەزای پیتچنە! ئەوە لێرە چ دەکا؟

خێرا لە بەر دەرگا دوور دەکەومەوە. منداڵەکانیش لەگەڵ خۆم رادەکێشمء دەیانبەم.

بە لەتیف دەڵێم، (کەس لەوێ نییە. خەیاڵە ھاتۆتە سەرت. وەرە بڕۆین.)

– خۆم دیم.

– ئەی بۆچی من نایبینم؟

– بەڵام من دیم.

– ئەدی کوا؟

لەتیف دووبارە چاو بە شیشەوە دەنێ.

– نازانم کوێوە چوو؟ ھەمان چاکەتی دڕا دڕای لە بەر بوو. دەستی لە سەر سکی دانابوو.

دوو ھەنگاو لەولاوە، لە پشت ئورسییەکانەوە، تەلاری گەورەی حوسێنییە دیارە. مینبەری گەورە لە ناوڕاستی حوسیێنییە پشتی داوەتە دیوار. فەرشەکانیان پێچاوەتەوە. زرێء کڵاوخوودەو شمشێریان بە دیوارەوە کردووە. ئیمامەکان لە ناو چوارچیوە دانیشتوونء بە ئارامی تەماشا دەکەن.

تان لە منداڵەکان دەدەم.

– بەسە تەماشاکردن. با بچینە سەر حەوز.

ماسی بچووک لە ناو ئاو دەردەپەڕنە دەرێء بەرز دەبنەوە. لە ھەوادا دەبریقێنەوەء دووبارە زەرگ بۆ ناو حەوز لێدەدەن. ئاوەکە دەلەرزێ. بنی ئاوەکە پڕە لە سیانء قوڕەرەشی ترسناک. لە ناکاو یاھووەکانی سەر زەینەبییە ھەڵدەفڕن. پوورە کوکومەکان، بە چاوی نوقاوو خەواڵوو، خۆیان لە ناو کونەکان شاردۆتەوەء وێژینگ دەدەن. لە دەنگی فڕینی کۆترەکان دەترسم. دادەنیشم تا دووبارە ھەموو شوێنێ ئارام دەبێتەوە. کڤرێکی رەش بە سەر لێوی باندا تێدەپەڕێ. دارمێوی حەوشە، کە پوورە کانی ھەموو جارێ گەلاکانی دەخوارد، لە ژێر گەرمادا پاڵ کەوتووە بە پەستی خۆی بە سەر داربەست داداوە. لەتیف خەریکە گەلای مێوە دەخوا. گوپی لەتیف دەگرم پاڵی دەدەم.

– ئێستا کاتی گەلاخواردنە؟ یان ماسی گرتن؟

دەمی لە بەر ئێش بەش دەبێتەوە. دەمی پڕە لە گەلای نیوەجووراو. زمانی کەسک بووە.

– ئا…خ…ئا…

– ئێستا کاتی کارە، نەک ورگ.

لێو ھەڵدەقورتێنێ.

– ئاخر. زۆر بەتامە.

چەند ماسییەک دێنە پێشۆرک. بە دوو سێ پارچە کەرپووچ، پێشۆرک قەپات دەکەم. نەسیء لەتیف لە دەوروبەری حەوزەوە ماسییەکان بۆ لای من داژۆن.

جامێکی سفرم لە بەر دەستە. دوو ماسی سوور سەریان توند لە کەرپووچەکان دەدەنء دەخزێنە ناو قوڕو لیتەی بنەوە. دەست درێژ دەکەم. لە پڕ چنگ لە قوڕء لیتە دەدەم. یەکێ لە ماسییەکان لە ناو دەستم دەخزێ. دەردەپەڕێء لە لێوی پێشۆرکەوە خۆی فڕێ دەداتەوە ناو حەوز. ماسی دووەم بە لایەکی تردا رادەکا. بە وڕووژاوی دەڵێم، (دووبارە بکەنەوە.)

سەرقۆڵی تەڕم ھەڵدەکەم. قەڵشتی دەستم چڵ دەداو دەزوورێتەوە. دوو ماسی دی دێنە پێشۆرک. یەکێکیان دەخزێتە ناو قەوزەکان. پەنجەکانی ھەردوو دەستم لە ئاو تێک ھەڵدەکێشمء خێرا دەیکێشمەوە بۆ لای خۆم. ماسییەک قامچی دەوەشێنێء بەردەبێتەوە سەر زەوی. پێم بە جامەکە دەکەوێ. جامی سفر وەک زەنگی قوتابخانە دەزرنگێتەوە.

لەتیف یەکسەر جامەکە ھەڵدەگرێتەوەو پڕ ئاوی دەکا. ماسییەکە دەخەمە ناو جامەکە. نەسی رەنگی وەکوو زەرچووەی لێدێء دەلەرزێ. قازەکان، ھێشتا لە پشت دەرگای زەینەبییەن، لەگەل بیستنی زرنگانەوەی جامەکە. دەقیڕێنن.

یەکسەر خۆمان لە داڵانی تاریکی حەوشەی ناوەوە دەشارینەوە. دایەنی پەروێز ھاوار دەکا.

– کێیە؟ ئەوە چییە؟ ھەی سەگبابینە، ئەوە چ دەکەن؟

دەنگی پێی لە پلیکانەوە دێ. دەگاتە سەر حەوز. داردەستێکی گەورەی بە دەستەوەیە. تەماشای زەوی دەکا، دەبینێ تەڕ بووە. بۆ لای رارەوەکە دێ. ئێمە ھێدی دەکشێینەوە دواوە.

ماسییەکە جێگای تەسکەو لە ناو جام چەماوەتەوەو جوولەی لێوە نایێ. نەسی ھەراسانە. ھێنکە ھێنکی پێ کەوتووە.

لەتیف دەڵێ، (تۆبە! تۆبە خوایە گیان! نەجاتمان بدە.)

نەسی بە ترسەوە پستە پست دەکا.

– دیتت چ غەڵەتێکم کرد؟ ئاخر بڵێ ماسیم بۆ چ بوو، ھا…؟

ھەناسەمان لە سینگ رادەگرین. دایەن بە پارێزەوە دێتە حەوشەی ناوەوە. قازەکانیش بە ھسە ھس بە دوویدا دێن. سەرنجێک لەو ناوە دەدا. دەگەڕێتەو لای دەرگای ئاودەستء ھاوار دەکا.

– کێ خۆی لەوێ شاردۆتەوە؟ وەرە دەرەوە. یاللا. ھەی دزی حەرامزادە. رەچەڵەکی ماسییەکانت بڕاندەوە. بەس نییە؟

نەسی ھاوار دەکا، (با بچینە دەرەوە. با راکەین.)

دڵی دەدەمەوە.

– کورە، ئێمەی نەدیوە. بە درۆ ھاتء ھاوار دەکا.

نەسی دەڵێ.

– نا. با زوو راکەین. ئەگەر نا…

تووڕە دەبم.

– بێدەنگ بە! وس بە!

دایەن داردەستەکەی لە ھەوادا بادەدا. رەنگە بترسێ نزیک بکەوێتەوە. دەیەوێ بگەڕێتەوەء بچێتە دوای کاری خۆی، لە پڕ نەسی دەزیڕێنێء رادەکاتە دەرەوە.

– غەڵەتم کرد! غەڵەتم کرد..!

دایەن دەکەوێتە دوایەوەء دارێکی لە پشت دەدا. لەتیف دەڵێ، (ھەی داد بێداد! چ بکەم!. لێگەڕێ منیش بچمە دەرەوە. تووشت کردین.)

بە توندی تەماشای دەکەمء بە تووڕەیی دەڵێم، (بێدەنگ بە! ئەگەر لەشت بۆ لێدان دەخورێ، تۆیش بڕۆ. بۆچی من ئێوەم تووش کردووە؟ نەسی خۆی نەھاتە بەر دەرگای حەوشەو داوای ماسی کرد.)

لەتیف بە گلەیی دەڵێ، (ئاخر تۆ نەتگوت لەوانەیە بگیرێین.)

– بەڵێ. راستە، دەبوایە وا بڵێم.

لەتیف بێدەنگ دەبێ. دایەن بە بۆڵە بۆڵ دەچێتەوە ژووری خۆی. نەنە لە حەوشەی دەرەوە بانگ دەکا:

– ئاھای… منداڵینە، ئەوە لە کوێن؟ ھۆ لەتیف، حەزرەتی ئەبولفەزل لە عەردی غارات بباتە خوارێ، لە کوێی؟

ھێدی لە حەوشەی ناوەوە، پێ داوێینە حەوشەی حوسێنییەء لەوێوە دەچینەوە حەوشەی خۆمان.

رۆژئاوایە. پوورە کوکومەکان کەوتوونەتە جۆشء خرۆش. بیبی، کە دەیانبینێ، ترسی لێ دەنیشێ.

– ئەی رۆ. ئەی وای!! کاریان تەنیا ژماردنی دگانی بەندەکانی خوایە. زوو بن دەمتان بگرن.

لەگەڵ سبەینەی سالحان دەچمە خەڵووزدان. بیبی لە سەر حەوز خەریکی دەستنوێژ شووشتنە. دوێ شەو، جامەکەم بە ماسییەوە لە ناو خەڵووزدان دانا. رەنگە ئەمڕۆ نەسی بۆ بردنی ماسییەکە بێ. کە چاوم لە تاریکی رادێ، جامەکە دەبینم. ماسییەکە لە ناو جامەکەدا نەماوە. دڵم دادەخورپێ. پوولەکەی سوورو بریقەدار بە دەوری جامەکەدا بڵاو بۆتەوە. دڵم دەگوشرێ. لە خەڵووزدان دێمە دەرەوە. قوتووی شیرینی ھەڵدەگرمء دەچمە کۆڵانێ. قوتووەکە لە تەک سەکۆ دادەنێم.

– ھای کەکاو…ئەتلەسی…ترشء شیرین…بنێشت.

نەسی کەچەڵ لە ماڵەوە دێتە دەری. کە من دەبینێ، سەری دادەنەوێنێء دوور دەکەوێتەوە.

ھەمیشە لە بیری کاک مورتەزادام. شەو، خەوم لێناکەوێ. نیوەشەو، ھێدی لە ناو جێ دێمە دەرەوە. ھەموو شوێنێ کپء تاریکە. ھێدی بەرەو تریانی نان دەخشێم. سەر نان لەسەر تریان ھەڵدەگرم. تریان دەنگی لێوە دێ. نەنە لە جێی خۆی کەلەکە دەگۆڕێ.

– پششە! پشیلەی دەڵەدز. ئەو پارچە نانەیش تۆ بیبە.

ھەر زوو دووبارە پرخە پرخی بەرز دەبێتەوە. پارچە نانێک لە سەر تریان ھەڵدەگرم. سەرنانی لە سەر دادەنێمەوەو لە ژوورەوە دێمە دەرێ. بە بن دەرگای حوسێنییەدا دەڕۆمء لە پشت ژووری پوورە کانی دەوەستم. بە ھێدی لە دەرگا دەدەم. یەکسەر، یەکێ دەرگا دەکاتەوە.

– چت دەوێ؟

– من شەریفم، کاک مورتەزا، نانم بۆ ھاوردووی.

– دەستت نەڕزێ، شەریف. بۆچی ئەو زەحمەتەت دایە بەر خۆت. من دەتوانم ماوەیەکی زۆر لێرە بژیم. شەو، ئاوی حەوز دەخۆمەوەو سکم بە گەلای درەخت تێر دەکەم.

– تا تۆ لێرە بی، ھەموو شەو نانت بۆ دێنم.

کاک مورتەزا لەبەر دەرگا دادەنیشێ. لێی دەپرسم.

– چۆن ئێرەت دۆزییەوە؟

– پەیوەندیم لەگەڵ بمانعەلی ھەبوو. جاروبار لێرە سەرم لێدەدا.

– بمانعەلی چۆن ھاتە پارتی ئێوە؟

– پێش چەند ساڵێ دەمناسی. خانەکان، لە کاتی راودا، باوکیان کوشتبوو.

– بۆچی باوکیان کوشت؟

– چونکە نیشانەشکێنێکی مەعلان بە توانا بوو. لە ناکۆکی نێوان لادێیی خانەکاندا، لای لادێییەکان بوو. ئەوەندە بەس بوو بۆ ئەوەی لە ناوی ببەن.

کاک مورتەزا ئاخ ھەڵدەکێشێء دەڵێ، (شەریف، راسپاردەیەکم ھەیە دەمەوێ بە نەیر ساداتی بگەیەنی).

– بە چاوان کاک مورتەزا. ھەر ئیشێکت ھەبێ بۆت دەکەم.

– بڕۆ ماڵی عەمۆ بەقاڵ بە نەیر سادات بڵێ من بۆ ماوەیەک نابێ بە رۆژ بێمە دەرێ. ئەگەر دەیەوێ با بچێتەوە ماڵە باوانی تا بزانین ئەنجام بە چ دەگا.

– بە سەر چاو، کاک مورتەزا.

دەست بە سەرم دادێنێ. منیش دەستی ماچ دەکەم.

– لێرە خاترجەم بە، کاک مورتەزا. تا محەڕڕەمی دادێ کەس سەر بێرەدا ناکا.

– شەریف!

– بەڵێ، کاک مورتەزا.

– ئەگەر دەتوانی شەوان دەرگای گەورە کلیل مەدە، نەوەک بمەوێ…

– سەر چاو، ھەڵبەت وا دەکەم.

خوا حافیزی لێ دەکەم لە پشیلە سووکتر دەخزێمە ژوورەوە.

بە زۆر پارەی کتێبی قوتابخانەم دابین کردووە.

– ئەم ساڵ، کتێب گرانە.

نەنە دەپرسێ، (بای چەند دەکا؟)

– بیست تمەن.

– ھەی دادو بێداد. بۆچی ئەوەندە گرانە؟

– خۆ کتێبێکء دوو کتێب نییە! کتێبەکان زۆرن!

بیبی بە سەرسامی دەست بە سەرمدا دێنێ.

– ماشەللا! چاوی حەسوودت بڕژێتە بن پێ! چاوی حەسوودت بڕژێتە بن پێ!

بە نەنە دەڵێم، (دەتوانین کتێبی نیوداشت بە نیوە نرخ لە داڵانی مزگەوت بکڕێن.)

– باشە، بەڵام ئەم ساڵ ناوت لە کوێ بنووسم.

– قوتابخانەی رازی نزیکە. بەڵام زیاتر منداڵە دەوڵەمەند دەچنە ئەوێ.

– خوا کەریمە. با بچین بەڵکو ناوت بنووسن.

– بە رێ دەکەوین. کزەبایەکی ساردی پایز لە کۆڵانێ دێء خۆی لە دەمء چاوم ھەڵدەسوێ. بای دێ…بای مھر… باکە بۆنی یادء بۆنی گیسیای لەگەڵدایە…با سۆزێکی چەند غەمگینی ھەیە! دیوارەکان لە دروشم شووراونەتەوە. پاساری لە کونی دیوارء لە بن سواندان کپ بووین.

شامی بە پشتی کۆم، بە ورتە ورت، لە سیلەی کۆڵانێ دەردەکەوێ.

ساڵانی هه‌ورین

عه‌لی ئه‌شره‌ف ده‌روێشیان

عەزیز گەردی کردوویە بە کوردی

چاپ: یەکەم

چاپخانه‌: تاران- پەنجەرە

ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس- بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌

زنجیره‌ی كتێب ١١٣

سه‌رچاوه‌ی ئه‌م وه‌رگێڕانه‌: على اشرف درويشيان، سال هاى ابرى، جلد اول دوم، نشر ضشمة، ضاث هفتم، تهران، 1387.

ماڵپەڕی غه‌زه‌لنووس

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*